ئەکادیمیای کوردی: بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ڕەگەزپەرستانەیە
ئەکادیمیای کوردی بڕیاری قەدەغەکردنی وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالە بە بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانە دەزانێت و داواش دەکات ، ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێنرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات.
شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، ئەکادیمیای کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی 7ی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەغە کردووە "ڕسوا دەکەین و بە بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانەی دەزانین."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە " داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێنرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات. "
لە نووسراوێکدا کە دەست کوردستان24 کەوتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق بە فەرمی زانکۆکانی کەرکووک، موسڵ و دیالەی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە ئاگادارکردووەتەوە، کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدا، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت.
لەوبارەوە، د. نەهلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری لێ داوە، بە تەواوی پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێشێلكردنی زەقی یاسا و دەستووریشە، چونكە لە ماددەی 4ـی دەستووری عێراقدا بە روونی هاتووە كە زمانەكانی (عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا)، كەواتە هیچ كەسێك ناتوانێت مافێك كە دەستوور بە خەڵكی داوە و گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە، پێشێل بكات. هەروەك بەپێی هەمان ماددە، مافی خوێندن نەك هەر بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی دراوە، بەڵكوو ئەو مافە بە (توركمان و سریان و ئەرمەنییەكان)یش دراوە. هەروەك لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە دەبێت لەسەر (بنەمای یەكسانی) لە هەموو دامەزراوەكانی عێراقدا هەردوو زمانەكە بەكار بهێندرێت."
د. نەهلە ئەفەندی باسی لەوەش کردووە "ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، پێچەوانەی چەندان بڕیاری دادگای فیدڕالیی عێراقە كە تێیدا جەخت لە یەكسانیی عێراقییەكان لە هەموو بوارەكان دەكاتەوە. بە هەموو جۆرێک ئەم جۆرە نووسراوانە ڕەت دەکەینەوە وهەڵوێستی توندمان دەبێت بەرامبەر یان دەبێت وپەنا دەبەینە بەر دادگاش ئەگەر پێویست بوو."