گەڕی یەکەمی قەرەبووکردنەوەی کوردانی سنووری نەینەوا دەستیپێکرد
دەست بە قەرەبووکردنەوەی ژمارەیەک لەو خێزانە کوردانەی نەینەوا کرا کە زیانلێکەوتووی ڕژێمی پێشووی بەعسی عێراقین.
دوای زیاتر لە حەوت ساڵ وەستانی؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی کوردی سنووری پارێزگای نەینەوا دەستیپێکردەوە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس ڕاگواسترابوون.
سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، بە دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە گەڕی یەکەمدا، حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی چەکی پارەی قەرەبووکردنەوەی 175 خێزانی کورد داوە و ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، دەست بە دابەشکردنی کرا.
بەگوێرەی مادەی 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردەش 20 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو وەردەگرن.
سیروان ڕۆژبەیانی جەختیشی کردەوە، لە داهاتوودا، بە چەند قۆناغەیەک، هەموو ئەو خێزانە کوردانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە و لە گەڕی دووەمیشدا، بەمزووانە زیاتر لە 170 خێزانی دیکە قەرەبوو دەکرێنەوە.
جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا باسی لەوەش کرد "چەند لیژنەیەکمان پێکهێنابوون تا خێزانە کوردەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا هەر لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، مامەڵەکانیان تەواو بکەن و تەنیا بۆ وەرگرتنی پارەکە سەردانی نووسینگەکەمان بکەن."
سیروان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوەش دا "لە نێوان ساڵانی 2007 تا 2014، نووسینگەی نەینەوای ماددەی 140 بەردەوام بوو لە قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس ڕاگواسترابوون؛ بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە پرۆسەکە لەبەر شەڕی داعش و چەند دۆخێکی نەخوازارو، وەستابوو."