سبەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025،مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، هەمان ڕۆژ مووچەی مانگی نیسانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە هەر ڕۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، مووچەی مانگی ئایاری ساڵی 2025 و مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ساڵی 2024 سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لەدوای 1ـی تەممووزی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕایگەیاند "بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
هەر لەگەڵ گەیشنی پارەی پێویست، لە هەینییەوە، 25ـی تەممووزی 2025 دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج کرا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی (2025) کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
کۆتا جار وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبێت، پێش زیاتر لە 85 ڕۆژ بووە؛ کاتێک 13ـی ئایاری ڕابردوو، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاشان وەزارەتەکە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد.