کێبڕکێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی جەمسەری باکوور توندتر و مەترسیدارتر دەبێت
ڕووسیا ترسی هەیە کە کۆنترۆڵی ئەمەریکا بەسەر گرینلانددا، توانای بەرگرییە ئەتۆمییەکەی لاواز بکات

ئاڵۆزییەکان لە جەمسەری باکووری زەوی تا دێ زیاتر دەبن. زلهێزەکانی دنیا لە هەوڵی بێوچاندان بۆ خۆشکردنی جێپێی سەربازیی لەم ناوچە ستراتیجییەدا.
لە ڕاپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی، دەربارەی کێشمەکێشی سیاسی-سەربازی جەمسەری باکوور، هاتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چاوی لەسەر گرینلاندە، ڕووسیا بنکە سەربازییەکانی نوێ دەکاتەوە، چین بە کەشتییە سەهۆڵشکێنەکانی ڕێڕەوی نوێ دەکاتەوە و چالاکیی سیخوڕی لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە. ئەم کێبڕکێیە، لەسەر یەکێک لە ساردترین ناوچەکانی جیهان، هاوسەنگیی ناسکی ئەمنی تێک دەدات و دەکرێت ببێتە هۆی پێشبڕکێیەکی مەترسیداری چەکداری."
بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ناوچەی جەمسەری باکوور (ئارکتیک) بۆ زلهێزەکان، پێویستە لە گۆشەیەکی جیاوازەوە سەیری جیهان بکەین. لە ڕوانگەی جەمسەری باکوورەوە، چوار وڵات دەکەونە ناو بازنەی ئارکتیکەوە: ڕووسیا، کەنەدا، گرینلاند و ئەمریکا. ئەم دیدە ستراتیجییە دەری دەخات بۆچی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیی ناوچەکە زیاد دەکات.
بەرەی پاراستن و گرنگیی گرینلاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، چەندین جار ئارەزووی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر گرینلانددا دەربڕیوە و بە پێویستییەکی "ئاسایشی نیشتمانی" ناوی بردووە. گرینلاند، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنها 56,000 کەسە، بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە بایەخێکی ستراتیجیی هەیە. لە سەردەمی شەڕی سارددا، خێراترین ڕێگا بۆ گەیشتنی مووشەکی ئەتۆمی لە نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا، بەسەر جەمسەری باکووردا تێدەپەڕی.
بنکەی ئاسمانی "پیتوفیک"ی ئەمریکی لە گرینلاند، کە لەو سەردەمەدا دامەزرا، سیستەمێکی ڕاداری زەبەلاحی هەیە کە وەک بەشێکی گرنگ لە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی مووشەکە بالیستییەکانی ئەمەریکا کار دەکات. ئەم بنکەیە بۆ هەر سیستەمێکی بەرگریی مووشەکی لە داهاتوودا، وەک ئەوەی ترەمپ بە "گومەزی ئاڵتونی" ناوی دەبات، گرنگییەکی چارەنووسسازی دەبێت.
ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا نیگەرانیی لای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاش دروست کردووە. ڕووسیا ترسی هەیە کە کۆنترۆڵی ئەمەریکا بەسەر گرینلانددا توانای بەرگریی ئەتۆمییەکەی لاواز بکات. لە لایەکی دیکەوە، دانیمارک (کە گرینلاند بەشێکە لێی) و کەنەدا، بە توندی دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم بیرۆکەیە دەربڕیوە.
هەژموونی ڕووسیا و مەترسیی پەرەسەندن لە دەریاکاندا
ڕووسیا، بەهێزترین هێزی ناوچەکەیە و یەک لەسەر پێنجی خاکەکەی دەکەوێتە ناوچەی جەمسەری باکوورەوە. مۆسکۆ، ساڵانێکە سەرمایەگوزاری لە پەرەپێدانی ژێرخانی سەربازیی خۆی دەکات، وەک نوێکردنەوەی بنکە ئاسمانییەکانی سەردەمی سۆڤیەت و نیوەدوورگەی "کۆلا" کە شوێنی سەرەکیی کەشتیگەلی ژێردەریایی ئەتۆمیی ڕووسیایە، بۆ پاراستنی توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە ئامادەیە.
بەپێی قسەی سەرۆکی هەواڵگریی نەرویج، پاش بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ، گرنگیی کەشتیگەلی باکووری ڕووسیا زیاتر بووە. هەرچەندە ڕووسیا دەیەوێت ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە تا سوپاکەی زیاتر ماندوو نەبێت، بەڵام هەڵسوکەوتە شەڕەنگێزییەکانی و زیادکردنی چەک، وڵاتانی دیکەی نیگەران کردووە. هەواڵگریی دانیمارک هۆشداری دەدات کە ڕووسیا ئامادەیە "دەست بۆ کردەوەی پڕمەترسی ببات" لە ناوچەکەدا.
کێبڕکێ لەسەر ڕێگای ئاوریشمی جەمسەری
گۆڕانی کەشوهەوا و توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەری باکوور، دەرگای بۆ کێبڕکێیەکی نوێی ئابووری کردۆتەوە و توانەوەی سەهۆڵ ڕێگا بۆ دەرهێنانی کانزا بەنرخەکان و کردنەوەی ڕێڕەوی نوێی کەشتیوانی خۆش دەکات.
لێرەدایە کە چین دێتە ناو هاوکێشەکەوە. پەکین خۆی وەک "وڵاتێکی نزیک لە جەمسەری باکوور" پێناسە دەکات و کار بۆ دروستکردنی "ڕێگای ئاوریشمی جەمسەری" دەکات. ئەم ڕێڕەوە نوێیە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی خێراتر و سەلامەتتر بۆ کەناڵی سویس. ئەمەش کێبڕکێی جیهانیی نێوان ئەمریکا و چینی گواستۆتەوە بۆ جەمسەری باکوور و نیگەرانییەکانی واشنتۆنی زیاد کردووە.
چین بە خێرایی کەشتیگەلی سەهۆڵشکێنی خۆی فراوان دەکات و مانۆری سەربازیی هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیا لە نزیک ئالاسکا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووسیا نیگەرانە لە زیادبوونی هەژموونی چین لە ناوچەیەکدا کە بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دەزانێت.
کۆتاییهاتنی ئاڵۆزیی کەم
درووشمی "باکووری بەرز، ئاڵۆزیی کەم" کە بۆ دوورخستنەوەی جەمسەری باکوور لە کێشە جیۆپۆلەتیکییەکان بەکار دەهات، لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵەکەدا بەرەو کۆتایی دەچێت. زیادبوونی هەست بە نائارامی و نمایشکردنی هێز لەلایەن زلهێزەکانەوە، ناوچەکەی بەرەو سەربازیکردنێکی مەترسیدار بردووە کە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.

بنکەی ئاسمانیی پیتۆڤیک ی ئەمەریکی لە گرینلاند