ڕێبوار هادی: بە گوێرەی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی خۆی هەیە
سەرۆکی کۆمیتەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە گوێرەی دەستوور و یاسا لە عێراق، هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی لە بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی خۆی هەیە، ئاماژەشی دا، ڕاگرتنی نەوتی هەرێم، بابەتێکی سیاسییە و زیانێکی زۆریشی بۆ بەغدا هەبووە.
یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، ڕێبوار هادی، سەرۆکی کۆمیتەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێشنیازەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژە یاسای داهاتوودا بە کوردستان24ـی گوت: پێشنیازەکەی سەرۆک وەزیران تەواو دەستوورییە، چونکە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، بودجەی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی جیایە. ئەو دەستوورەش لەسەر بنەمای فیدراڵی دانراوە.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی داهاتووی عێراق ئاماژەی دا، عێراق لە بەردەم هەڵبژاردن دایە، بەمەش حکوومەتی ئێستای عێراق لە کۆتایی تەمەنی دایە و ساڵی داهاتوو حکوومەتێکی نوێ پێک دەهێنرێت، بۆیە ڕێککەوتنی نوێ لە نێو لایەنە سیاسییەکان دەکرێت و بەرنامەیەکی کاری نوێ دادەمەزرێت، بۆیە دەبێت لە نێو ڕێککەوتنەکان و بەرنامەکەدا لەسەر ئەوە ڕێک بکەون کە بە دەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکەن.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت، باسی لەوە کرد، بەگوێرەی یاسا و دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە کێڵگە نەوتییەکانی خۆی بەڕێوەببات، بەڵام دەسەڵاتداری عێراق خۆیان لەو یاسایە دەدزنەوە؛ هاوکات پرسی ڕاگرتنی نەوت لە عێراق کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کەسایەتی عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زیانێکی زۆری بۆ وڵاتەکەی گەیاندووە.
هەروەها لەبارەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و عێراق بۆ ناردنی نەوت لە بەندەری جەیهان گوتی: پێم وایە، تورکیا مەبەسەتی ئەوەیە نایەوێت لەسەر ئەو مەرجانەی هەیە ڕێککەوتن نوێ بکاتەوە، لەو بڕوایەدا نیم تورکیا بیەوێت بە تەواوی کۆتایی بە ڕێککەوتنەکە بهێنێت. حکوومەتی هەڕێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەو بابەتە لە پەیوەندی دان.
سەبارەی بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، ڕێگریکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بابەتێکی سیاسیە، نەوەک ئابووری، چونکە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم حکوومەتی عێراقیش سودمەند دەبێت، بۆیە بابەتەکە ئابووری نییە.