ئومێد خۆشناو: ئەمساڵ بەباشترین شێوە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکرێت

ئەمرۆ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری ورمێ کرد و لە کۆبوونەوەیەکەدا پرسی هاتنی زیارەتکارانی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لا تاوتوێ کرا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: چوارەمین ساڵە لەڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاری ئێرانی دەکەین، تاوەکوو لە بازگەی شێراوە تێپەڕدەبن، بە سوود وەرگرتن لە ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش پرۆسەکە بە باشترین شێوە بەڕێوەدەچێت و سەرجەم ڕێوشوێنەکان گیراونەتەبەر.

لەلای خۆیەوە، ڕەزا ڕەحمانی  پارێزگاری ورمێ ڕایگەیاند: ئەربەعین و ئەو کارە گەورە کولتووری و ئاینییەی لە هەرێمی بۆ زیارەتکاران دەکرێت، نیشانەی یەکگرتوویی موسڵمانان و دراوسێکانە.

هەروەها گوتی: ئێمە لە رابردووشدا، مێژووی هاوبەشمان پێکەوە هەبووە،  پێم وایە بە تایبەتی ئەمساڵ دەستەی باڵا پێکهاتووە و بەم کارانەی هاوڕێیانمان لە هەرێم کردوویانە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و بە شوێن ئەوەداین ئەم پەیوەندییانە تەنیا تایبەت بە بۆنەکانی ئەربەعین نەبێ و زیاتر پەرەیان پێ بدەین.

چەند ساڵێکە زیارەتکارانی ئێرانی لەڕێگەی دەروازەکانییەوە پێشوازی لە هەزاران زیارەتکاری ئێرانی دەکات و ئەمەش بووەتە هۆی فراوانبوونی زیاتری پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment