پلەکانی گەرما لە هەرێم دادەبەزن و لە عێراقیش بەرز دەبنەوە

پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان نزم دەبێتەوە و پێشبینیش دەکرێت، لە زۆرینەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بگاتە نیوەی کوڵان.

لەبارەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسی بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە لە چلەی هاوینداین، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما حاڵەتێکی ئاساییە و تاوەکوو کۆتایی هاتنی چلە، پێشبینی دەکەم چەند جارێکی دیکە پلەکانی گەرما ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات."

محەممەد کەمال گوتیشی: "پێشبینی دەکەم تاوەکوو پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، واتە کۆتایی ئەم هەفتەیە، پلەکانی گەرما داببەزن، بەڵام هەفتەیەک دواتر بە تایبەت لە ڕۆژانی 7 بۆ 8ی ئابی داهاتوو، دووبارە پلەکانی گەرما بەرز ببنەوە."

هەروەها لە ئاستی هەرێمی کوردستان بەرزترین پلەی پێشبینیکراوی گەرما بۆ سنووری ئیدارەی گەرمیان دیاری کراوە و مەزندە دەکرێت بگاتە 51 پلەی سیلیزی.

هەر لەبارەی کەشوهەوای عێراق بە گشتی، دەستەی کەشناسیی فیدراڵ بڵاویکردووەتەوە، لە چەندان ناوچە گەرما دەگاتە 51 پلەی سیلیزی و داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بۆ کاری زۆر پێویست و گرنگ نەبێت، لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

بە گوێرەی ئەو پێشبینییەی ئەمڕۆ 28ـی تەممووزی 2025، بڵاوکراوەتەوە، پلەکانی گەرما لە هەر یەک لە شارەکانی (بەغدا، بابل، میسان، زیقار، موسەننا و بەسرە)، دەگاتە 51 پلەی سیلیزی.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، 27ـی تەممووز، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما؛ حکوومەتی عێراق پشووی فەرمی لە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، میسان، کەربەلا، دیوانییە، بابل و واست ڕاگەیاند.

دەستەی کەشناسی عێراق ڕەتیکردووەتەوە پلەکانی گەرما لە هاوینی ئەمساڵدا بگاتە 65 پلەی سیلیزی، بەڵام ئاماژەیداوە، لە چەند ناوچەیەکدا لە 50 پلە تێدەپەڕن، کە بە توندترین شەپۆلی گەرما دادەنرێت لە هاوینی ئەمساڵدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، ڕۆژانە لە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی عێراق خۆپیشاندان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکوو ئاو و کارەبا دەکرێت.

پێوەری کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ:

بەغدا 51 پلەی سیلیزی

بابل 51 پلەی سیلیزی

میسان 51 پلەی سیلیزی

زیقار 51 پلەی سیلیزی

موسەننا 51 پلەی سیلیزی

بەسرە 51 پلەی سیلیزی

سەڵاحەددین: 50 پلەی سیلیزی

کەربەلا: 50 پلەی سیلیزی

واست: 50 پلەی سیلیزی

نەجەف: 50 پلەی سیلیزی

دیوانییە: 50 پلەی سیلیزی

کەرکووک: 49 پلەی سیلیزی

نەینەوا: 49 پلەی سیلیزی

دیالە: 49 پلەی سیلیزی

ئەنبار: 48 پلەی سیلیزی