خاوەن کارگەکانی بلۆکی چوارقورنە گردبوونەوە

ئەمڕۆ خاوەن کارگەکانی دروستکردنی بلۆک لە چوارقوڕنە، بەهۆی گرانبوونی تێچووی کارەبا و سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی باج و رسووماتەکان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست. خاوەن کارگەکان هۆشداری دەدەن کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە لێواری مایەپووچبووندان و تەنیا بە مەبەستی پاراستنی هەلی کاری کرێکارەکانیان بەردەوامن.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و بەتایبەت لە چوارقوڕنە، دەیان کارگەی دروستکردنی بلۆک بوونیان هەیە کە بەرهەمەکانیان بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن، بەڵام ئێستا بە قەیرانێکی سەختی داراییدا تێپەڕ دەبن.

ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی گردبوونەوەکە رایگەیاند، بارگرانییەکی زۆر کەوتووەتە سەر شانی خاوەن کارگەکان، بە جۆرێک گرانبوونی پێداویستییەکانی وەک چیمەنتۆ و گازوایل و کارەبا و رسووماتی شارەوانی، بووەتە هۆی نەمانەوەی هیچ قازانجێک بۆ کارگەکان.

مستەفا، نوێنەری خاوەن کارگەکانی بلۆک لە چوارقوڕنە بە کوردستان24ـی گوت "پێشتر رسووماتی ساڵانەی شارەوانی 700 هەزارمان دەدا و گرێبەستەکە هەمیشەیی بوو بەلام ئێستا هەڵیوەشاندووەتەوە و کردوویەتیە 10 هێندە."

سەبارەت بە کێشەی کارەبا و سووتەمەنی و کەرەستە خاوەکان، مستەفا روونیکردەوە، نرخی کارەبای بازرگانی زۆر لەسەریان دەکەوێت و نرخی گازوایل و چیمەنتۆش بەرز بوونەتەوە، ئەمەش باری دارایی کارگەکانی قورس کردووە.

لەبارەی هۆکاری بەردەوامبوونیان لە کارکردن سەرباری زیانە داراییەکان، ئەو خاوەن کارگەیە ئاشکرایکرد "زیاتر لە 70 کارگەی بلۆک هەن و ئێستا زیاتر لە 40 کارگەیان کار دەکەن. ئێمە تەنیا لەبەر ئەو کرێکارانە بەردەوامین کە لێرە کار دەکەن بۆ ئەوەی بێکار نەبن و بژێوییان نەبڕێت."

ئەو خاوەن کارگەیە هۆشداری دا، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، کارگەکان تووشی مایەپووچبوون دەبن و ناچار دەبن دایان بخەن.

جگە لەم کێشانە، خاوەن کارگەکان گلەییان لەو ئاستەنگانە هەیە کە لە بازگەکان بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی هەولێر و سۆران و رواندز و خەلیفان بۆیان دروست دەکرێت. ئەوان داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن ئاسانکارییان بۆ بکات و کێشەکانیان چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە دابینکردنی هەلی کار و بووژاندنەوەی کەرتی بیناسازی.