هەڵگورد شێخ نەجیب: دەمانەوێت بە شێوەیەکی باشتر سوود لە کەرتی گەشتیاری وەربگرین

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، بەمنزیکانە پرۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری گرنگ، لە ناو ماستەر پلانی گەشتیارییە دروست جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دیزاینی نوێی گەلی عەلی بەگ بۆ گەشتیارانە، تاکوو ئەو سروشتە دڵڕفێنە و جوانەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیەتی لە ناوچەکە بیبینن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران هەروەها دەڵێت: ئامانجمان لە جێبەجێ کردنی ئەو ماستەر پلانە ئەوەیە، ئێمە چۆن بتوانین بەشێوەیەکی باشتر سوود لە کەرتی گەشتیاری وەربگرین.

دەشڵیت: پرۆژەکە دووساڵ بەر لە ئێستا دەست بە دیزاین کراوە، ئێستا دیزاینەکەی تەواو بووە و یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکان کە پێناسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەرێمی کوردستان دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەکە لە شەلالی گەلی عەلی بەگ تا دەگاتە پردی یەکەم، دیزاین و دەست بەکارەکانی کراوە و بە ماوەیەکی کەم هەوڵ دەدرێت تەواو بکرێت.

باسی لەوەش کرد، بەشی دووەمیش کە بێخاڵە، یەکێکە لەو ناوچە سروشتییانەی کە لە سەرانسەری عێراق و وڵاتان بۆ گەشتیاری ڕوو لێ دەکەن، هەر بۆیە ئەویش بە شێوەیەکی باشتر و جوانتر دیزاینی بۆ کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێ کردنی دەکرێت.

ڕاشیگەیاند، بەمنزیکانە پرۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری گرنگ کە بە هەمان شێوە لە ناو ماستەر پلانی گەشتیارییە، جێبەجێ دەکرێت، ئەویش پرۆژەی تەلەفریکە کە درێژییەکەی 11کم چوون و هاتنە، خاڵی سەرەتای لە لای قەپان دەبێت لە شەلالی گەلی عەلی بەگ لە چیای کۆرەکەوە دەپەڕێتەوە بۆ چیای با پشتییان لەوێشەوە بۆ بێخاڵ، لە بێخاڵیشەوە بۆ پرۆژەی گەشتیاری شنگل بانە لەوێشەوە خۆی دەبەستێتەوە بە تەلەفریکی کۆڕەک بۆ سەر چیای کۆرەک.

هەڵگورد شێخ نەجیب ئەوەشی خستە ڕوو، ئامانج لە جێبەجێ کردنی ئەو پرۆژەیە ئەوەیە کە گەشتیاران بەشێوەیەکی باشتر و جوانتر سروشت بیبینن، لە هەر قۆناغێک پرۆژەیەکی جوان دروست کراوە لە کافتریا و خواردنگە بۆ گەشتیاران تاکوو چێژ لە سروشتی کوردستان ببینن.

بەر لە دوو ساڵ، پێش ئێستا تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کرد بە مەبەستی ئامادەکردنی ماستەرپلانێک بۆ پەرەپێدانی شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە. دواتر ماستەر پلانەکە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت و لایەن تیمێکی پسپۆڕی نێودەوڵەوتییەوە؛ بە ستانداردێکی جیهانی و مۆدێرن، ئامادە و دیزاینی بۆ کرا.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە دەکات و ئامانجی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قاڵبە لۆکاڵییەکەی بێتە دەرەوە و بچێتە نێو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و بتوانێت زیاتر سەرنجی گەشتیارانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت.