گیر پیدرسن: کۆبوونەوەی هەسەدە و دەسەڵاتی سووریا بێ ئەنجام بووە

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل گورزی لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی داوە، هەروەها گەیاندنی هاوکاری بۆ کەسانی ئاوارەی سوەیدا زۆر گرنگە.
گیر پیدرسن نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند: ئاڵۆزییەکان بوونە هۆکاری گیان لەدەستدانی دەیان کەسی مەدەنی، چەکدانانی هەموو گرووپەکان لە سووریا پێویستە، سوورییەکان ترسیان لە مەرکەزیەت هەیە، کۆبوونەوەی نۆی ئەم مانگەی هەسەدە و دەسەڵاتی سووریا نەیتوانی ئەنجامەکەی بەدیبهێنێت، بەڵام هیواخوازین کۆبوونەوەی زیاتر لە پاریس بکرێت.
هەروەها داوا لە هەسەدە و دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا دەکەین سازش لەپێناو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە ئاداری ئەمساڵ بکەن.
گیر پیدرسن گوتی: ئیسرائیل گورزی لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیدا، دەستدرێژی بۆسەر مافەکانی مرۆڤ لە هەموو لایەنەکانەوە تۆمارکراون. دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، گەیاندنی هاوکاری بۆ کەسانی ئاوارەی سوەیدا زۆر گرنگە و دەستدرێژی بۆسەر هاووڵاتییان سەرکۆنە دەکەین و هەروەها دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا سەرکۆنە دەکەین.