کەشناسی: پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان نزم دەبنەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەپۆلێکی گەرم ناوچەکەی بە تەواوی گرتبووە، پلەکانی گەرما لە سبەیوە تاوەکوو چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو سێ بۆ شەش پلە نزم دەبنەوە.
سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دابەزینی پلەکانی گەرمای ڕاگەیاند و ئاماژەی دا، سبەی چوارشەممە شەپۆلی گەرما لە ناوچەکە کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما دەگەڕێنەوە سەر ئاستی ئاسایی خۆی بۆ ئەم وەرزە. باسی لەوەش کردووە، پێشبینی نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما (3-6) پلەی سیلیزی دەبێت و تا چوارشەممەی داهاتوو هیچ شەپۆلێکی گەرما بۆ سەر ناوچەکە نابێت.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە پلەکانی گەرما هەر بە بەرزی دەمێنێنەوە، سەنتەری پارێزگاکان بە گشتی لە سەرووی 45 پلەی سیلیزی دەبێت و ناوچە شاخاوییەکان لە 42 پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە و ئیدارەی گەرمیان لە 49 پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە .
نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما و کۆتای هاتنی شەپۆلی گەرما لە کاتێکدایە، نزیکەی چەند ڕۆژێک بوو کاریگەری ئەم شەپۆلی گەرمایە ڕووی لە ناوچەکە کردبوو.