لەمەودوا سەرجەم پشکنینەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیایی لە هەولێر دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، چیتر پشکنینەکان بۆ دڵنیایی ڕەوانەی بەغدا ناکرێن و کوالێتی تاقیگەی هەولێر پێشکەوتووە.
سامان سەلمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: بۆ یەکەمین جار لە هەرێمی کوردستان، پشکنینەکان لە تاقیگەی گشتیی هەولێر دەکرێن و ڕەوانەی بەغدا ناکڕێن.
سامان سەلمان گوتیشی: پێشووتر هەر پشکنینێکی ڤایرۆسی لە هەرێمی کوردستان دەکرا، بۆ دڵنیابوونەوە ڕەوانەی بەغدا دەکران، بەڵام بەهۆی پێشکەوتووی تاقیگەی هەولێر و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئایزۆ، ئەمڕۆ بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە بڕیاردرا تەواوی پشکنینەکان لە هەولێرەوە بۆ دڵنیابوونەوە بکرێن.
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ نەخۆشانی ئێمە دەکات، چونکە تاوەکوو ئەنجامی پشکنینەکان لە بەغدا دەگەڕانەوە کاتێکی زۆری دەخایاند، بەڵام لەمەودا کاتێکی کەمتری پێویستە.