نزیکەی 900 هەزار گوڵ و نەمام لە هەولێر چێندراون
لە چەند ساڵی ڕابردوو بە پێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەریوبەرایەتی ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، نزیکەی 900 هەزار دار وگوڵ چێندراون و بە پێی پێشبینەکانیش ئەو ژمارەیە زیاتر دەبێت و ئەگەر ئیستا ڕیژەی سەوزایی بوەتە سەدا 20 هەوڵی زیاتر ئەوەی ڕێژەکە زیاتر بیت و بگاتە ستانداری جیهانی
کار کردن بۆ سەوزکردنی شاری هەولێر بەردەوامە، گرنگیدان بە سەوزایی و ژینگەی شارەکان، یەک لە پلانەکانی کابینەی نۆیەمە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کاری بۆ کراوە و بەردەوامیشن بۆ زیاتر کردنی ڕێژەکە، بە گوێرەی پلان و بەرنامەی وەزارەتی شارەوانی و ئەندازەی پارکەکان، ئامانجی سەرەکی گەیاندنی رێژەی سەوزاییە بە ستانداردی جیهانی لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.
رێبین ئەحمەد، بەرێوبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەی دانیشتوان و ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان، کاریگەرییان لەسەر ژینگە و ڕیژەیی سەوزایی هەیە، گوتیشی: ئێمە پێوەری ڕووبەڕمان بەهەند وەرگرتووە، ئەندازیارەکانمان لە بەشی پلان لێکۆڵینەوەیان لە بابەتەکە کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێژەیی سەوزایی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە 20%ـە، ئێمە توانیومانە لە کابینەی نۆیەم سەرەرای گشت قەیرانەکان لە 2.5%ـی زیاد بکەین.
لە شەش ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە 522 هەزار نەمام و 370 هەزار گوڵ لە هەولێردا چێندراون، ژینگە پارێزێک ئەم پێشکەوتنەی بواری پارک و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی بە ئەرێنی ناو دەبات کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر ژینگە و کەشوهەوا دەبێ
دەشتی ئیسماعیل، ژینگەدۆست گوتی: گۆڕانکاریی لە ژینگەی شاری هەولێر وادەکات ئەو پیسیەی پێشتر هەبووە، پاک بکاتەوە، هەروەها ئەو خۆڵبارینەی ساڵانی ڕابردوو هەولێری دەگرتەوە، وادەکات کەمتر بێتەوە، بۆیە گرنگە هەموو هاونیشتمانییەک گرنگی بە زیادبوونی ڕێژەیی سەوزایی بدات بەتایبەتی لە سەنتەری شاری هەولێر.
بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، تا دێت شار گەورەتر دەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پرۆژە وەبەرهێنانەکانیشی ئاگادارکراوتەوە لەوەی دەبێ لە بنیاتنانی پرۆژەکانیان ڕەچاوی ڕێژەی سەوزایی بکەن.