ئەمڕۆ هاتنی زیارەتکارانی چلەی "ئیمام حوسێن" لە ڕێگەی دەروازەکانی کوردستانەوە دەستپێدەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی "ئیمام حوسێن" لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات. 

زیارەتکاران دوای ئەوەی دەگەنە هەرێمی کوردستان، دەگوازرێنەوە بۆ نەجەف، کەربەلا و شوێنە پیرۆزەکانی دیکەی شیعەکان لە عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە لە رێوڕەسمی چلەی "ئیمام حوسێن".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نوێنەری وەزارەتەکان و دەروازەکانەوە ئاسانکاری تەواوی بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران کردووە و چەندان وێستگەی پێشوازی و پشوودانی ئامادە کردووە. هەروەها ئەمساڵ ئامێری تایبەت بە پشکنین و پاسی گواستنەوە بۆ زیارەتکاران دابین کراوە و ئاو و خواردنیان بەبێ بەرامبەر پێ دەدرێت.

مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران و سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕووی تەندروستی، ئەمنی، خزمەتگوزاری و گواستنەوەوە؛ بە باشترین شێواز ئامادەکارییان بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی "ئیمام حوسێن" کردووە.

باتێلی باسی لەوەش کرد، چوار وێستگەی سەرەکییان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ پشوودانی زیارەتکاران ئامادە کردووە، کە یەکێکیان لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانە و ئەوانی دیکەش، لە کانی ماران لە سنووری سۆران، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بازگەی شێراوەیە. ئەوەشی خستەڕوو، ستافی دەزگاری خێرخوازی بارزانی لە هەر چوار وێستەگەکە جێگیر کراون و خزمەتگوزاری پێویست بۆ زیارەتکاران دابین دەکەن.

سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران ئاماژەی بەوەش دا، 57 شوێنیان بۆ وردبینی و بەڕێکردنی پاسپۆرتی زیارەتکاران کردووەتەوە و دەتوانن ڕۆژانە پێشوازی لە نزیکەی 50 هەزار زیارەتکار بکەن.

 ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا، پارێزگاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا تاوتوێی هاتنی زیارەتکارانی کرد. 

چلەی ئیمام حوسێن، یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئایینییەکان لە لای شیعە مەزهەبەکان و پەیڕەوانی بە سەردانیکردنی گۆڕی "حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب" کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە، لە کەربەلا شیوه‌ن دەگێڕن، هەروەها سه‌ردانی گۆڕی "ئەبو فەزل عەباس"ـی براشی ده‌كه‌ن. بۆ  ئەمساڵیش  چلەی ئیمامی حوسێن دەکەوێتە 14ـی مانگی ئاب.