ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکان تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و، تاوتوێی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان و هێرشی سەر فەرمانگەی کشتوکاڵیی کەرخی کرد.
چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کرد، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتیی ئەمنیی وڵات کرا.
سهباح نوعمان، گوتهبێژی فهرماندهی گشتیی هێزه چهكدارهكانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە کاری لیژنە تایبەتمەندەکانی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکان، ناوچە گرنگەکان و کەرەستە سەربازییەکانی عێراق، لەوانەش ڕادار، هەروەها هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرخ لە بەغدا، کرا.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، پێداچوونەوە بە هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانمان بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان کرا، هاوکات جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگیی و یەکخستنی هەوڵەکان لە نێوان هەموو دەزگا ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرایەوە.