کولـلەیەکی زەبەلاح لە دارستانەکانی ئوسترالیا دۆزرایەوە

زانایانی بایۆلۆجی لە ئوسترالیا، جۆرێکی نوێی کولـلەیان دۆزیوەتەوە کە درێژییەکەی 40 سەنتیمەترە و کێشی نزیکەی 150 گرام دەبێت.

گۆڤاری زوتاکسا، لە وتارێکدا، بڵاوی کردووەتەوە، ئەم کولـلە زەبەللاحە لە لایەن زانایانەوە بە ناوی زانستیی "ئەکرۆفیللا ئاڵتا" ناسراوە، ڕەنگە گەورەترین کولـلە بێت کە لە ئوسترالیا دەژی. زانایان لایانوایە ژینگە و شێوازی ژیانی هۆی گەورەیی قەبارەکەیەتی.

پرۆفیسۆر ئانگوس ئیمۆت، توێژەر لە زانکۆی جەیمس کوک، ڕایگەیاند "پۆستێکی سۆشیالمیدیا یارمەتیدەر بووە لە دۆزینەوەی ئەم جۆرە کولـلەیە."

ئیمۆت، دەڵێت: کۆپلاندی هاوکارم وێنەی ئەو کولـلەیەی بۆم نارد لە سوشیالمیدیادا بڵاو کرابووەوە. دوای ئەوەی چەند شەوێک پێکەوە گەڕاین، کولـلەیەکی مێینەمان لە دارستانێکی چیای هایپیپامی دۆزییەوە. کولـلەکە، بەسەر لقێکی بڵندی دارێکەوە نیشتبووەوە و ناچار بووین گۆچانێکی درێژ بۆ هێنانە خوارەوەی بەکار بهێنن.

ئەو دوو زانایە، دەڵێن "ئەم جۆرە کولـلەیە، دوور لە ئاوەدانی و لەسەر لقی بڵندی درەختەکان دەژین و بە ئاسانی دەستی مرۆڤیان پێ ناگات، ئەمەش هۆی مانەوە و گەورەیی قەبارەی لەشیانە. جگە لەوەش توانای خۆحەشاردانیان زۆرە بۆیە باڵندەگۆشخۆرەکان بە ئاسانی نایاندۆزنەوە."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment