سووریا ڕێگریی لە بەقاچاخبردنی بارێکی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق کرد

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، یەکێک لە گەورەترین هەوڵەکانی بە قاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکانیان پووچەڵکردەوە، ئاماژەی بەوەش دا، دەستیان بەسەر بارێکی گەورەدا گرت کە نزیکەی ملیۆنێک و 350 هەزار حەبی کاپتاگۆنی تێدابوو کە ئامادەکرابوو بە قاچاخ ببرێتە ناو عێراق.
خالید عید، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: دوای لێکۆڵینەوەی ورد و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق، ئۆپەرسیۆنێکیان کردووە و دەستیان بەسەر بارێکی گەورەی ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
ڕوونیشی کردەوە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر ملیۆنێک و 350 هەزار حەبی کاپتاگۆن دا گرتووە. گوتیشی: ئۆپەراسیۆنەکە درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەیە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریا دەکرێت بۆ بنبڕکردنی ئەم کارە مەترسیدارە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی کۆمەڵگا دەکات.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران زیاتر لە 800 هەزار حەبی کاپتاگۆن لە ناوخۆی سووریادا دەستیان بەسەردا گیراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنێکی هاوبەشی لەگەڵ سووریا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی سووریا دەستیان بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گرتووە، کە دەکاتە نزیکەی 2,015 کیلۆگرام.

