لە پارێزگای بەسرە دەست بەسەر 10 کیلۆ ماددەی هۆشبەری ماریوانا و هەشت هەزار حەبدا گیرا

وێنەی  هەر دوو بازرگانەکەی ماددەی هۆشبەر و 10 کیلۆ ماریوانا
وێنەی هەر دوو بازرگانەکەی ماددەی هۆشبەر و 10 کیلۆ ماریوانا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند و هاوکات دەست بەسەر بڕێکی زۆری ماددەی هۆشبەریشدا گیرا.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای چاودێرییەکی ورد، لە پارێزگای بەسرە، دوو تۆمەتباری بیانییان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر 10 کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری ماریوانادا گرت، کە هەوڵیاندەدا بە قاچاخ لەڕێگەی ئاوەوە بهێننە ناو عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا 11 تۆمەتباری دیکە دەستگیرکران لەگەڵ بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕاشیگەیاند، تۆمەتبارێکیان لەسەنتەری پارێزگای بەسرە دەستگیرکردووە، کە هەشت هەزار حەبی ترامادۆڵ و 135 کەپسولی ماددەی هۆشبەری پێبووە، تۆمەتبارێکی دیکە لەکاتی هەوڵدان بۆ کڕینی بڕێک ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە، جگە لە تۆمەتباری سێیەم کە هاووڵاتییەکی بیانییە و وەک نێوەندگیر بۆ تۆڕەکە کاری کردووە و پارەی گەیاندووەتە بازرگانانی بیانی لە وڵاتێکی دراوسێ.

جەختیشی کردەوە، بەهۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سێ بازرگانی ناوخۆیی هەموو تۆمەتبارەکانی دیکە دەستگیرکراون.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بەسرە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان کردووە، یەکەمیان دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری بیانی بووە لە قەزای شەتولعەرەب، کە 80 گرام ماددەی کریستاڵی پێبووە، لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا ئافرەت و پیاوێکی بیانی دەستگیرکراون کە بڕێکی زۆر ماددەی کریستاڵ و ماریوانایان پێبووە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، یەکێک لە گەورەترین هەوڵەکانی بە قاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکانیان پووچەڵکردەوە و دەستیان بەسەر نزیکەی ملیۆنێک و 350 هەزار حەبی کاپتاگۆن دا گرتووە. کە ئامادەکرابوو بە قاچاخ ببرێتە ناو عێراق. 

وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنێکی هاوبەشی لەگەڵ سووریا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی سووریا دەستیان بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گرتووە، کە دەکاتە نزیکەی 2,015 کیلۆگرام.

 
 
Fly Erbil Advertisment