تورکیا.. قاپێک دۆزراوەتەوە مێژووەکەی نزیکەی 900 ساڵە

قاپێکی سیرامیک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و تەمەنی نزیکەی 900 ساڵە، لە دۆڵی حەران دۆزرایەوە کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبووەکانی جیهان و لە لیستی تاقیکاری میراتی جیهانی یونسکۆدا.
محەممەد ئۆنال، بەرپرسی بەشی شوێنەوارناسی زانکۆی حەران و بەرپرسی دۆڵی حەران ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی "پرۆژەی میراتی ئایندە" کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزارەوە دەستیپێکردووە، کنە و پشکنین لەو دۆڵە بەردەوامە.
ئۆنال ئاماژەی بەوە دا، بەو پێیەی حەران یەکێکە لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبووەکانی جیهان، زۆرجار لە کتێبەکانی مێژوودا باسی لێوەکراوە و قاپێکی سیرامیک کە تەمەنی 900 ساڵە و بە تەکنیکی بریقە دروستکراوە لە کاتی هەلکۆڵین لە بەشی قوتابخانەی حەران دۆزراوەتەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەوەی لەم قوتابخانەیە دەدۆزرێتەوە ناوەندێکی زانستە، گرنگییەکی زۆری هەیە.
هەروەها گوتیشی: قووڵی قاپەکە نزیکەی 20سانتیمەترە و ئەو شوێنەوارە مێژووییە بە نووسراوی عەرەبی لە دەوری دەوریدا ڕازاوەتەوە و واژووی ئەو کەسەی لەو کاتەدا دروستی کردووە لەسەری دانراوە.
شاری حەران دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بە شارێکی دێرین و مێژوویی لەلایەن یونسکۆوە هەژمارکراوە و تەواوی خانوەکانی ئەم شارە بەقوڕ لە تەنیشت یەکەوە دروستکراوە.


