هەڵەبجە..دوو گەنج بە دەستڕێژی کوژران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستڕێژی لە سێ گەنج کراوە، دوونیان کوژراون و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.

سێشەممە 5ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر سێی بەرەبەیان، لە گەڕەکی فەرمانبەران، دەستڕێژی لە سێ گەنج کراوە، بەهۆی دەستڕێژییەکەش دوو لە گەنجەکان کوژراون بەناوەکانی (ب .ج .ف)تەمەن 20ساڵ، هەروەها(ش . م .ا) کە تەمەنی ئاشکرا نەکراوە، پۆلیس ناوی ناو و تەمەنی ئەو گەنجەی بڵاو کردووەتەوە کە لەدەستڕێژییەکە برینداربووە کە ناوی (پ. م . ت)تەمەن 31 ساڵە.

 پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، بەگومانی ڕوداوەکە،  دووکەس بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە  بەمادەی 406 لە یاسای سزاکانی عێراقی  دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەبنکەی پۆلیسی هەڵەبجە بۆڕووداوەکە ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە سەبارەت بە ڕووداوەکە بە کوردستان 24ـی  راگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ ، 3 گەنج  لەبەردەم ماڵی خۆیان لەگەرەکی فەرمانبەران دانیشتوون و لەلایەن کەسێکەوە کە ماتۆری پێبووە، دەستڕێژیان لێکراوە، دەستبەجێ دوانیان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەشیان برینداربووە.

گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند: تەواوی کامێراکانی چاودێریان لەو گەڕەکە هەڵگرتووەتەوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە، دوو تۆمەتبار  لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر کراون، بەپێی زانیارییەکان پێشتر گەنجەکان دەمەقاڵییەکیان لەگەڵ یەکتر کردووە.

 کەسوکاری گەنجە کوژراوەکانیش بە کوردستان 24ـیان ڕاگەیاند:  هیچ گرفت و کێشەمان لەگەڵ کەس نیە نەبووە،  دەڵێن: چاوەروانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانین، هیوادارین بکوژەکە بدۆزرێتەوەو ڕادەستی دادگا بکرێت.