پسپۆڕێکی ژینگەیی: ژینگە وهەوای بەغدا خنکێنەرە

سەرەڕای هۆشدارییەکان لەبارەی پیسبوونی ژینگە و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و کواڵێتی ژیان، ئێستا ئاستی پیسبوونی ژینگەی بەغدا زیاتر بووە، پێوەرەکانی پاکی ئاو و هەوا لە ئاستێکی مەترسیداردایە.

د. ئیقبال لەتیف جابر، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە بە ڕۆژنامەی 'سەباح'ـی ڕاگەیاند، "بەغدا بەدەست پیسبوونی ژینگەوە گرفتارە، هەوای شارەکە بە گازی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکانەوە داپۆشراوە، ئاوی بەغدا بە پاشماوەی کارگەکان و ئاوەڕۆ پیس بووە. هەروەها خاکەکەشی بەهۆی جەنگەکانەوە ئێستا بۆ کشتوکاڵێکی باش ناشێت."

ئیقبال جابر، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ڕۆژانە پاشماوەکان دەسوتێنرێت، باخەکانی میوە نامێنن، لەکاتێکدا نەبوونی دارستان و دەردانی هەواگۆڕکێ هۆکاری زیادبوونی گازە گەرمخانەکانە".

هەروەها عودەی جەندیل، گوتەبێژی ئەمیداریەتی بەغدا ڕایگەیاند: " ڕۆژانە شارەوانی لەنێوان 9 بۆ 10 هەزار تۆن پاشماوە هەلدەگرێتەوە"، گوتیشی: ئێستا بە هاوکاری وەزارەتی ژینگە و هێنانی کۆمپانیای تایبەتمەندی جیهانی، کار لەسەر پرۆژەیەک دەکەین لە نەهرەوان، تاوەکوو سێ هەزار تۆن پاشماوە بگۆڕین بۆ وزەی کارەبای پاک.

ئەمیر عەلی حەسون، بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ژینگە، گوتی: "وەزارەتەکە کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و پێداویستییە ژینگەییەکانی ئێستا هاوسەنگ بێت"، ڕوونیشی کردەوە "یاسا نوێیەکە زیاتر پشت بەو پڕۆژە مۆدێرنانە دەبەستێت، کە ژینگەدۆست و تەکنەلۆژیین."