ئیسرائیل خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و حزبوڵڵا ئامادە دەکات

میدیاکانی ئیسرائیل مانۆرە بەرفراوانە، هاوبەشەکەی سوپا، مۆساد و شاباک بە پەیامێکی ڕوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و حزبوڵڵا و هەنگاوێک بۆ هەڵسەنگاندنی وریایی و تواناکانی هێزەچەکدارەکانی ئیسرائیل، بەرانبەر ئەگەری هێرشێکی لەناکاوی ئێران و حزبوڵڵا، ناوبرد.
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی نووسیویەتی، مانۆرەکە، بە ناوی «ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان» و بە فەرماندەیی ئەیال زەمیر، سوپاسالاری گشتیی سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوە چووە.
لەم مانۆرەدا، سیناریۆی هێرشێکی هاوکات لە چەندین لاوە بۆ سەر ئیسرائیل لەبەرچاو گیراوە، وەک؛ هەڵدانی مووشەک بۆ سەر سەکۆ گازییەکانی ئیسرائیل لە دەریای ناوەڕاستەوە، دزەکردنی هێرشبەران لە سنووری ئوردنەوە، چەندان هێرشی چەکداری لە کەناری ڕۆژئاوا، هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێل لە ڕێگای خێرای ژمارە 6 و هاوێشتنی مووشەک لە یەمەن و لوبنانەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی داوە، سوپای ئیسرائیل تێبینی ئەوەی کردووە، کە ئێران هاوکات لەگەڵ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی، هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە ئەتۆمییە وێرانکراوەکانی دەست پێ کردووەتەوە.
ئیسرائیل پێشبینیی ئەوە دەکات لەوانەیە هێرش بکرێتە سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیلی، نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی ئیسرائیل یان ناوەندەکانی دیکەی ئیسرائیل لە جیهاندا.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستۆتە ڕوو، سوپای ئیسرائیل جموجووڵەکانی ئەم دوایییەی باشووری بەرزاییەکانی جۆلان لە سووریا دەداتە پاڵ ئێران و هاوکات ئاگاداری ئەو جموجووڵانەیە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ هاندانی هەڵمەتی میلیشیاکان لە ئوردن لە ئارادایە. لەپاڵ ئەوەشدا، ئێران حوسییەکانیش بۆ هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل هان دەدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی مەعاریف، ئیسرائیل پێیوایە حزبوڵڵا بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی یەکەی 'ڕەزوان' دەدات. ئەم یەکەیە، بە ئامانجی لێدانی گورزی چاوەڕواننەکراوە لە ئیسرائیل، نزیکەی دەیەیەک لەمەوبەر لەناو حزبوڵڵادا پێک هێنرابوو، بەڵام فەرماندە سەرەکییەکانی لە شەڕی ئەم دوایییەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵادا کوژران.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، شەوی یەکشەممەی ڕابردوو، لە یەکەمین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی دا، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی لەناکاوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گوتی: ئەم بابەتە وامان لێدەکات بە تەواوی وریابین و بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادە بین؛ چونکە ئێران خۆی بۆ سیناریۆی جیاواز ئامادە دەکات و من لەوە زیاتر هیچی تر ناڵێم.
مەعاریف لەم بارەیەوە نووسیویەتی "هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ دۆخەکە ئەوەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا، واتە پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی نوێی سوپای ئیسرائیل لە شاری غەززە، هێرشێکی چاوەڕواننەکراو بکاتە سەر ئیسرائیل."