هەڵمەتێکی چارەسەری بۆ تووشبووانی نەخۆشی درێژخایەن لە چاکسازییەکانی هەرێم بەڕێوە دەچێت

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەشێک لە بەندکراوان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و پێویستییان بە چاودێری پزیشکییە، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ سەندیکاکان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستییەکان هەڵمەتێک ئەنجام بدەن.

ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ یەکەمجار لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی چارەسەری بۆ تووشبووانی نەخۆشی درێژخایەن بەڕێوە دەچێت، لەنێو تەواوی بەندینخانەکان، سەرەتا پاککردنەوە بۆ هەموو هۆڵەکان دەکرێت، دواتر پزیشکی ڕاوێژکار پشکنین بۆ هەموو ئەو بەندکراوانە دەکات، کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

ئیحسان بابان گوتی: پزیشکی ددان  و دەرمانسازیش لە هەڵمەتەکە بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی پشکنین بۆ ددانی ئەو بەندکراوانە بکرێت کێشەی دەم و ددانیان هەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، هەڵمەتەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە بەندکراوانی گەورەی هەولێر و چاکسازی ژنان و منداڵان بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتی بۆ بەندکراوانی ئافرەت.

دەربارەی پارێزگاکانی دیکە، بەڕێوەبەری چاکسازی هەرێم، دەڵێت:  هەڵمەتەکە لە 20ـی ئەم مانگەوە بەڕێوە دەچێت و دوای تەواوبوونی پارێزگای هەولێر، لە سلێمانی و دهۆکیش دەستپێدەکرێت.

هەڵمەتەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەندیکاکان، ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر بەڕێوە دەچێت.

لە هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ چاکسازییەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی پێنج هەزار و 802 بەندکراو هەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment