لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا 48 زیارەتکار بوونە قوربانی
بەرگری شارستانی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە قەزای زوبێر، دەیان زیارەتکار بوونە قوربانی.
چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، بەرگری شارستانی پارێزگای بەسرە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پاسێکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە ڕێگای خێرای قەزای زوبێر وەرگەڕاوە و دەیان زیارەتکار بوونە قوربانی.
ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و مردووانیش ڕەوانەی پزیشکی دادی کراون.
بەرگری شارستانی بەسرە جەختیشی کردەوە، تیمەکانمان ڕێگەکەیان گرتووە و هەوڵی ڕزگارکردنی قوربانیان دەدەن.
لەوبارەوە عەقیل فورەیجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاند، "بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو ڕووداوەی لە نێوان ناوچەی ڕمێلە و بازگەی سیدرە ڕوویداوە، 40 زیارەتکار بریندار بوون و 8 ـی دیکەش گیانیان لەدەستدا."
فورەیجی ئاماژەی بەوەدا کە "هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەن، بۆ کردنەوەی ڕێگاکە و لابردنی پاشماوەی ڕووداوەکە و پاککردنەوەی شوێنەکە."