لە بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەولێر کتێبخانەیەک و شوێنێکی تایبەت بۆ منداڵان کرایەوە

بۆ ئەوەی لەکاتی ڕایکردنی مامەڵەکانیان بێزار نەبن، لە بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەولێر دوو شوێنی تایبەت بەو کەسانە کراونەوە، کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن، شوێنێکی تایبەت بۆ منداڵان و کتێبخانەیەک. 

کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: بۆ ئەوەی منداڵەکان تێروانینی باش و ئەرێنیان لەسەر پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان هەبێت، لەکاتی ڕایکردنی مامەڵەی کەسوکاریان، پێویستە کەشێکی گونجاویان بۆ فەراهەم بکرێت، چونکە هەندێک مامەڵە هەن تاوەکوو سێ کاتژمێر کاتیان پێویستە، بۆیە شوێنێکی تایبەتمان بە منداڵان کردووەتەوە، هەروەها کتێبخانەیەکی تایبەتیشمان کردووەتەوە، سوودی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ کەسانی بیانی.

بۆڤان ئەلزەکەر، بەڕێوەبەری رێکخراویی NTHK  هۆڵەندی خێرخوازی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: خوازیارین ئەو منداڵانەی دێنە ئێرە کاتێکی خۆش بەسەربەرن، چەند پرۆژەیەکی دیکەشمان هەیە بۆ پەروەردە و تەندروستی، هیوادارین هەنگاوی یەکەم سەرکەوتووبێت و هەنگاوی دیکەی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

دروستکردنی هەردوو شوێنەکە لەلایەن ڕێکخراوی  NTHK  هۆڵەندییە و  لە لایەن سەرمایەداران دامەزراوە بۆهاوکاریی و تەندروستی منداڵان و پلانی چەندین پرۆژە و کاری دیکەیان هەیە لە هەرێمی کوردستان. 

زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگە حکومییەکان یەکێکە لە ئامانجەکانی حکوومەت، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان لە راییکردنی مامەڵەکانیان.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment