ویلایەتی: هەر هەنگاوێک ئاسایشی نیشتمانیمان تێک بدات، وەڵامێکی شایستەی دەدەینەوە

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، ڕایگەیاند، پێویستە داهاتووی ناوچەکە تەنیا بە دەستی وڵاتانی ناوچەکە دیاری بکرێت.

چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەم میهەن بڵاوی کردەوە "عەلی ئەکبەر ویلایەتی، لەگەڵ ڤاهان کۆستانیان، جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگکاری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەرمینیا لەگەڵ ئێران، کۆبووەوە."

لە سەرەتای دیدارەکەدا، کۆستانیان، ڕاپۆرت و ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دانوستانەکانی واشنتن پێشکەش کرد و بە جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی پەیوەندییە مێژووییەکان و دراوسێیەتیی باشی نێوان هەردوو وڵات، گوتی: ئێمە بە پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران  پابەندین و ئەم پەیوەندییە مێژووییە بەرز دەنرخێنین.

ویلایەتی، وێڕای پێشوازی لە پەرەپێدانی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ڕایگەیاند "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە خوازیاری ئاشتی و ئاسایشی بەردەوامە لە نێوان دراوسێکانیدا و زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە، جەخت لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکاتەوە."

ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی ڕوون کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە چارەنووسی ناوچەکە تەنیا دەبێت لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دیاری بکرێت و گوتیشی: ڕۆڵی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە کە دوژمنایەتییان بەرانبەر ئێمە ئاشکرایە و بوونیان لە هەر شوێنێکی جیهان بووەتە هۆی گرژی و ناسەقامگیری، بۆ ئێمە قبووڵکراو نییە. ئێمە چاودێریی وردی هەموو گۆڕانکارییەکانی نزیک سنوورەکانمان دەکەین و هەر هەنگاوێک هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بکات، وەڵامێکی شایستەی دەدەینەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا گوتی: دڵنیایی دەدەین کە پەیوەندییە دۆستانەکانی ئێران و ئەرمەنستان هەمیشە بەهێز دەمێننەوە و ڕێگە نادەین هیچ کێشەیەک بۆ ئەم پەیوەندییانە دروست بێت. لە بەرنامەکانی داهاتووماندا، سەرنجی تایبەت دەخەینە سەر ئەم بۆچوون و تێبینیانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

 
Fly Erbil Advertisment