ڕوانگەی سووری: 14 کەس بەهۆی تەقینەوەکانی ئیدلب بوونە قوربانی

ئیدلب
ئیدلب

ئەمڕۆ ژمارەیەک تەقینەوە لە پارێزگای ئیدلبی سووریا ڕوویاندا و بەهۆیانەوە چەندین کەس کوژران و برینداربوون، ژمارەیەک لەوان هاووڵاتی سڤیلن.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئەنجامی ژمارەیەک تەقینەوە لە پارێزگای ئیدلبی سووریا شەش کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێو کوژراوان دوو کەسیان هاووڵاتیی سڤیلن.

ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی: لەناو کوژراو و بریندارەکان 10 چەکداری بیانی هەن و قوربانییەکانیش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی تەقینەوەکان دوکەڵێکی ڕەش ناوچەکەی داپۆشیوە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە دروستبووە.

هاوکات ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمی حکوومەتی سووریا( سانا) بڵاویکردەوە، لەنێو زەویێکی کشتوکاڵی لە پارێزگای ئیدلب تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویداوە و ژمارەیەک کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوونە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە 27مانگی ڕابردوو تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارۆچکەی معرەت مسرینی سەربە پارێزگای ئیدلب ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 70 کەس کوژران و برینداربوون، ژمارەیەک لەوان هاووڵاتی سڤیل بوون.