ترەمپ لە کۆنگرەیەکدا ئیسرائیل و ئێران تێکەڵ دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی جەژنی سوپاسگوزارییەوە تووشی هەڵەیەک بوو. کاتێک لەبارەی سیاسەتی ئیسرائیلەوە پرسیاری لێکرا، بە هەڵە لەبارەی ئێرانەوە وەڵامی دایەوە، وەک ئەوەی یگئال رافید، پەیامنێری کەناڵی عیبری لە ئەمریکا بڵاویکردەوە.

پەیامنێرێک لە سەرۆکی ئەمریکای پرسی: "ئایا ئەم هەفتەیە هەلت بۆ رەخساوە، یان لە رۆژانی داهاتوودا هەلت بۆ دەڕەخسێت قسە لەگەڵ ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکەیت؟ چۆن دەتەوێت مامەڵە لەگەڵ سەرکردایەتیی داهاتووی ئیسرائیل بکەیت؟".

ترەمپ سەبارەت بە پەیوەندیکردن بە ناتانیاهۆ، بە کورتی وەڵامیدایەوە: "ئەوەم کردووە". بەڵام دەستبەجێ پاش پرسیارەکە سەبارەت بە سەرکردایەتیی داهاتووی ئیسرائیل، دەرکەوت هەردوو وڵاتەکەی تێکەڵکردووە و گوتی: "هەوڵ دەدەین هەلێکیان پێ بدەین بە ژیری رەفتار بکەن. ئەوان سوپایان نییە، سوپاکەیان زیانی گەورەی بەرکەوتووە و هێزی ئاسمانییان تێکشکێندراوە".

ئەم سەرلێشێواوییەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوبەناو لە لێدوانەکانیدا باسی هەڵمەتەکەی دژی ئێران دەکات. لەو لێدوانانەدا دووپاتیکردەوە، دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت. هۆشداریشی دا، ئەگەر رژێمی تاران وەڵامی داواکارییەکانی نەداتەوە و پێشنیازە ئەمریکییەکان قبووڵ نەکات، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت بەردەوام بێت لە لێدانیان.

سەرقاڵبوونی چڕ بە دۆسیەی ئێرانەوە بووەتە هۆی ئەو هەڵە زمانەوانییەی ترەمپ، بەتایبەت کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە داهاتووی حوکمڕانی لە ئیسرائیل.