ئاسایشی هەولێر، کەسێکی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ئەو ئافرەتەیان دەستگیر کرد، کە هەڵسابوو بە بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستی ڕێکلامی بازرگانی بۆ وێستگەیەکی بەنزین لە شار هەولێر، کە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و ڕای گشتی لێکەوتبووەوە.
پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هەماهەنگیی لەگەڵ قایمەقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، تۆمەتباری ئافرەت بە ناوی (س، د، م)ـمان دەستگیر کرد، بە پێی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە (6)ـی ساڵی (2008) خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئافرەتە تۆمەتبارەکە، هەڵسابوو بە بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستی ڕێکلامی بازرگانی بۆ وێستگەیەکی بەنزین لە شاری هەولێر، کە ناڕەزایەتی هاووڵاتییان و ڕای گشتی لێکەوتبووەوە.
ئاسایشی هەولێر، باسی لەوەش کرد، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە بەنزینخانەکەش گیرایەبەر و داخرا.