شێخان.. 108 سەر مەڕ مرداربوونەتەوە
ڤێتێرنەری باعەدرێ: بەهۆی هەناسە تەنگییەوە مرداربوونەتەوە

لە گوندی مەمانی سەربە ناحیەی باعەدرێ ، مێگەلە مەڕێک ویستوویانە لە دەست گورگ ڕابکەن، بەڵام بەهۆی هەناسە تەنگییەوە 108 سەر مەڕ مرداربوونەتەوە و خاوەنەکەشی دەڵێت: زیانی زیاتر لە 40 ملیۆن دیناریان بەرکەوتووە.
محەممەد ئەحمەد، مەڕدار، بە کوردستان24ـی گوت: لە شەودا کاتێک گورگ ویستوویەتی پەلاری مەڕەکان بدات، بەڵام سەرجەمیان کەوتووەنەتە نێو چاڵێکە و بەهۆی هەناسە تەنگییەوە و 108 سەر مەڕ مرداربوونەتەوە، هەروەها زیاتر لە 15 ساڵە لێرە کاری مەڕداری دەکەین یەکەمجارە ڕووداوێکی لەمشێوەیە ڕووبدات.
لەلای خۆیەوە، عەبدوالواحید حوسێن، مەڕدار، بە کوردستان24ـی گوت: لە ترسی پەلاماردانی گورگ خۆیان خستووەتەوە نێو چاڵەوە، تاوەکوو ئێمە گەیشتین لە 150 سەر مەڕ، 108یان مرداربوونەتەوە،
رەمزیا محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری باعەدرێ، بە کوردستان24ـی گوت: لە ئەنجامی پشکنینەکان بۆمان دەرکەوت، بەهۆی تەنگەبەری شوێنەکەیان هەناسەیان نەماوە و مرداربوونەتەوە، نەوەک بەهۆی هیچ نەخۆشییەکی دیکە.
مرداربوونەوەی ئاژەڵەکان لەو ناوچەیە چەندین جار بەهۆکاری جیاواز ڕوویداوە، بەڵام یەکەمجارە بەهۆی هەناسەتەنگییەوە مردارببنەوە.
مرداربوونەوەی ئەم مەڕ و ماڵاتە، شەش خانەوادەی بێ بەرهەم کرد و زیانی زیاتر لە 40 ملیۆن دیناری پێگەیاندوون.