پیاوێکی یەمەنی بە تەقاندنەوەی هاوژینەکەی هەڕەشە لە پۆلیس دەکات

پۆلیسی شاری عەدەن لە یەمەن، دەستگیرکردنی پیاوێکی چەکداری ڕاگەیاند، کە بە نارنجۆک هەڕەشەی تەقاندنەوەی هاوژینەکەی دەکرد.
هەینی 15ـی ئایاری 2025 خالید سەنمی، گوتەبێژی پۆلیسی عەدەن لە یەمەن، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت کێشەیەکی خێزانی لە نێوان ژن و مێردێک ڕووی داوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بینییان پیاوەکە نارنجۆکی بە دەستەوە بووە و، هەڕەشەی تەقاندنەوەی هاوژینەکەی کردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی عەدەن، ئاماژەی بەوە کرد، پیاوەکە هەڕەشەی لە پۆلیسەکان دەکرد ئەگەر بێت و لێی نزیک ببنەوە، بە نارنجۆک هاوژینەکەی دەتەقێنێتەوە.
باسی لەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان دوای هەوڵێکی زۆر، توانییان پیاوەکە دەستگیر بکەن و نارنجۆکەکەی لێوەرگرن بەبێ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو بدات.