لە پاکستان بەهۆی بارانی بەخوڕەوە 225 کەس گیانیان لەدەستدا

شەممە، 16ـی ئابی 2025، ئاماری بارانی بەخوڕی 48 کاتژمێری ڕابردووی پاکستان بڵاوکرایەوە و ئاشکرا کراوە، لانیکەم 225 کەس بەهۆی بارانی بەخوڕەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی بارانبارینەوە کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە، تاوەکوو ئێستا ژمارەی مردووان گەیشتووەتە 538 کەس.

دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی پاکستان ڕایگەیاند، زۆرترین ژمارەی قوربانییەکان بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، لە پارێزگای خەیبەر پختونخوای هاوسنووری ئەفغانستان تۆمارکراوە، کە تەنیا لەو پارێزگایە 211 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بیلال ئەحمەد فەیزی، گوتەبێژی فریاکەوتنی پارێزگاکە، ئەمڕۆ شەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەدوای قوربانیان بەردەوامە و زیاتر لە دوو هەزار فریاگوزاری بەشدارن، هەوڵدەدەن ئەو تەرمانە دەربهێننەوە کە لە ژێر داروپەردوودان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بارانی بەخوڕ و بوومەلەرزە گیرانی ڕێگاکان، بوونەتە بەربەست لەبەردەم ئەمبولانسەکان و تیمی فریاگوزارانی ناچار کردووە بە پێ بڕۆن.

لەو بەشەی کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و لە یەکێک لە گوندەکانی کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، لانیکەم 60کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 کەسیش بێسەروشوێنن.

زۆربەی قوربانییەکان بەهۆی لافاو، داڕمانی خانوو، کارەبا، یان ڕەشەبا گیانیان لەدەستداوە.

هەر دوێنێ هەینی هێلیکۆپتەرێکی ئەمبولانس بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە پاکستان کەوتە خوارەوە و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.

پاکستان پێنجەم وڵاتی پڕ دانیشتوانی جیهانە، یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، دەسەڵاتداران هۆشداری دەدەن لەوەی بارانی ئەم وەرز نائاساییە، پێشبینی دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا توندتر بێت.

لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە تا ئێستا 538 کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی 100 یان منداڵن، هەروەها 768 کەسیش بریندار بوون.

 
Fly Erbil Advertisment