لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ژمارەیەک زیارەتکار گیانیان لەدەستدا
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پۆلیسی نەینەوا بڵاوی کردەوە، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک شارەدێی حەمام عەلیل لە باشووری موسڵ، چوار زیارەتکار گیانیان لەدەستداوە.
یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەینەوا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "لەسەر ڕێگای سەرەکی لە نزیک شارەدێی حەمام عەلیل، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە ئافرەتێک و منداڵێکی تێدایە."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەو قوربانیانە دانیشتووی تەلەعفەرن، بەشداریان لە ڕێوەڕسمی چلەی ئیمام حوسێن کردووە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ تەلەعفەر ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێ و هەموویان گیانیان لەدەستدا."
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند، "پۆلیس تەرمەکانی گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادی موسڵ، هاوکات لێکۆڵینەوەش بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕووداوەکە دەستیپێکردووە."
چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، پاسێکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە ڕێگای خێرای قەزای زوبێر وەرگەڕاوە و دەیان زیارەتکار بوونە قوربانی.
لەوبارەوە عەقیل فورەیجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاند، "بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو ڕووداوەی لە نێوان ناوچەی ڕمێلە و بازگەی سیدرە ڕوویداوە، 40 زیارەتکار بریندار بوون و 8 ـی دیکەش گیانیان لەدەستدا."
شەممە، 16ـی ئابی 2025، یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامار و چالاکییەکانی تایبەت بە چلەی 'ئیمام حوسێن'ـی ڕاگەیاند.
بە گوتەی پارێزگاری نەجەف، زیاتر لە 17 ملیۆن زیارەتکار بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی 'ئیمام حوسێن' چوونەتە شارەکە. گوتیشی "ڕێوڕەسمەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەچوو. کامێرای چاودێری لە تەواوی شارەکەدا دانرابوو بۆ دابینکردنی ئاسایش."
هاوکات، ناوەندی نەجەف بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئامارێکی سەرەتایی لەبارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، زیاتر لە سێ ملیار و 798 ملیۆن پەرداخ ئاوی خواردنەوە دابەش کراوە، کە بە تێکڕا هەر زیارەتکارێک ڕۆژانە نزیکەی 45 پەرداخی بەرکەوتووە. ئەمە جگە لەو بڕە زۆرەی ئاو کە بۆ ئامادەکردنی خۆراک و کاروباری پاککردنەوە بەکارهاتووە.
چلەی ئیمام حوسێن، کە لە زمانی عەرەبیدا بە "ئەربعین" ناسراوە و بە واتای "چل" دێت، یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە ئایینییەکانی جیهان. ئەم بۆنەیە 40 ڕۆژ دوای عاشورا، واتە ڕۆژی شەهیدبوونی 'ئیمام حوسێن'، نەوەی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)، بەڕێوەدەچێت. ئیمام حوسێن و یاوەرەکانی لە ساڵی 680ی زایینی لە شەڕی کەربەلادا شەهید کران.