داوای قەدەغەکردنی کاری خۆبەخشی لە کەرتی تایبەت دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، بۆ ئەوەی گەنجەکانمان ماف خوراو نەبن، نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە کارکردن بەشێوەی خۆبەخش لە کەرتی تایبەت قەدەغە بکرێت.
دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نووسراوێکمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، کاریی خۆبەخشی لە کەرتی تایبەت قەدەغە بکرێت.
گوتیشی: داواکەمان تەنیا بۆ کەرتی تایبەتە و کارمەندانی خۆبەخشی کەرتی گشتیی ناگرێتەوە، لەبارەی وەڵامدانەوە و جێبەجێکردنی بڕیارەکەش باسی لەوە کرد، "چاوەڕێی وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانین هەر کاتێک وەڵامیان داینەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین."
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا، لەدوای بەدواداچوونەکانمان بۆمان دەرکەوت ئەو کەسانەی لەکەرتی تایبەت بە خۆبەخش کاردەکەن هیچ دەرفەتی ئەوەیان نییە کارەکە بە باشی فێرببن بەڵکو بەپێچەوانەوە تەنیا کات بەفیڕۆ دەدەن و لەلایەن خاوەن کارەوە دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە دامودەزگا گشتییەکان هەر کاتێک دەرفەتی دامەزراندن بێتەپێش، ئەوە کاری لەپێشینە بۆ خۆبەخشەکان دەبێت.