یەکێتیی زانایان: بە فەرمی داوا دەکەین وەزارەتی ناوخۆ ڕێککاری توند بەرانبەر ڕێکلامی نەشیاو بگرێتەبەر

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، بەهیچ شێوەیەک ئاینی پیرۆز ئیسلام، ڕێگە نادەت ڕێكلام بۆ هەندێک شوێن یان کارێک بکرێت، پێچەوانەی ئایین و یاسا و ئادابی گشتیی بێت.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە ڕێکلامکردن بۆ هەندێک کەلوپەل ڕێگەپێدراو نییە، هەربۆیە نابێت ڕێکلام بۆ ئەو شتانە بکرێت کە پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی ڕابردوو هەندێک دیاردەی نامۆ بە دین و ژینی گەلەکەمان هەست پێ دەکرێت، ئەمانەش پێچەوانەی یاسا و ئادابی گشتیی و بەها کۆمەڵاتییەکانن.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتیشی، لە ڕۆژانی داهاتوودا بە فەرمی نووسراو و داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی ڕێککاری توندتر بەرانبەر بەو کەسانە بگرێتەبەر.
لە ماوەکانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چەندین کەسیان بە تاوانی ڕێکلام کردن بۆ کەلوپەلی نەشیاو، هەروەها بە پێچەوانەی دابونەریتی کوردەواری دەستگیرکرد.