ڕامی نووری: بە مەبەست هەوڵی ئازاردانی پێکهاتەکان دەدرێت

پەرلەمانتارێکی کریستیان ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەریکردووە دەربارەی پێکهاتەکان، ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانێکی گەورەیی دیمۆگرافی ده‌كاته‌وه‌.

ڕامی نووری، پەرلەمانتاری کریستیان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی پێکهاتەکان لێکەوتە و کاریگەریی خراپی دەبێت، لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیا، چونکە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە کردووە.

هەروەها گوتیشی: بە مەبەست هەوڵی ئازاردانی پێکهاتەکان دەدرێت و پێویستە بەشێوەی ئارەزوومەندانە ئاوارەکان بگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەشی زۆری ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا لە هەرێمی کوردستانن، چەند ساڵێکە کار لەسەر ئەوە دەکرێت، پێکهاتەکانی، کلدان و سریان و ئێزدییەکان، لە ناوچەکە نەمێنن.

ڕامی نووری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پرۆسەکە بەردەوام بێت، ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانێکی گەورەی دیموگرافی دەبێتەوە.

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووه‌، لە پێشهاتێکی نادەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتیی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەستی داوەتە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.