17 کەس لە شەڕ و پێکدادانەکانی شەوی ڕابردوو بوونە قوربانی
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سلێمانی کۆتاییهات و پەیامنێری کوردستان24، ئاماژە بەوە دەکات، دۆخەکە هێوربووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئابی 2025، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24، لە سلێمانی ڕاگەیاند: دۆخی سلێمانی هێوربووەتەوە، تەنیا هێز لە نزیک هۆتێل لالەزار و دەورووبەری ماوە، هێزەکانی یەکێتیی لە شوێنەکە کنە و پشکنین دەکەن، بەهۆی شەڕەکەوە ئاگر لە شوێنەکە دروستبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە بکات بۆ شوێنی جەبخانەکانی لاهور شێخ جەنگی، بۆیە ناوە ناوە دەنگی تەقە دەبیسترێت.
پەیامنێری کوردستان24، گوتی: هێزەکانی یەکێتیی ڕێگە نادەن هیچ هاووڵاتییەک نزیکی لالەزار بێت و دوكەڵ لە ئاسمانی شوێنەکە دەبینرێت، هەروەها باڤڵ تاڵەبانی چووەتە شوێنەکە، بەڵام ڕێگەیان نەداوە میدیاکان بیگوازنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی دەستگیرکراون و بەشێکی دیکەشیان خۆیان ڕادەستکردووە، هەروەها ڕێبوار حامید حاجی غالی بەرپرسی هێزەکە دەستگیرکراوە، دەربارەی لاهور شێخ جەنگی و پۆلادی برای، پەیامنێری کوردستان24، ئەوەی خستەڕوو، هەردووکیان گواستراونەتەوە بۆ دەباشان و پۆلاد شێخ جەنگی بریندارە و فیشەک بە قاچی کەوتووە.
ئارام بەختیار باسی لەوەش کرد، بەهۆی شەڕەکەوە 15کەس لە هێزەکانی یەکێتیی بریندارن و دوو کەسی دیکەش گیانیان لە دەستداوە.
شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی دەستیپێکرد و هەر زوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.
سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان به پێویستیشی زانیوه، هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکۆکییەکیش هەبێت پێویستە بە ڕێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت.