پەیامنێری کوردستان24: سێ کەس لە هێزەکانی یەکێتیی کوژراون

پەیامنێری کوردستان24، لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و تاوەکوو ئێستا نازانرێ ژمارەی بریندارەکانی هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی چەندە.

ئەمڕۆ هەینی، 22ـی ئابی 2025، هاوژین جەمال پەیامنێری کوردستان24، لە سلێمانی ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا کوژرانی سێ کەس لە هێزەکانی یەکێتیی پشڕاستکراوەتەوە، ئەفسەرێک بەناوی دیار سەردار لە هێزەکانی کۆماندۆ، سەرمەند عەلی لە هێزەکانی ئۆپەراسیۆن و ئاری شێخ سوعاد کارمەندی دژەتیرۆر،کوژراون.

دەربارەی ژمارەی بریندارەکان، هاوژین جەمال گوتی: تاوەکوو ئێستا برینداربوونی زیاتر لە هەشت کەس لە هێزەکانی یەکێتیی پشتڕاستکراوەتەوە، بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شارن لە سلێمانی و هەروەها ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکان لە بەردەم نەخۆشخانەکە بڵاوەیانپێکراوە.

دەربارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی، پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکوو ئیستا نازانرێ ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەندە و بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەشێک لە بریندارەکانی هێزەکانی یەکێتیی گواستراوەنەتەوە نەخۆشخانەی شۆڕش و هەروەها دۆخی تەندروستی بریندارەکان جێگیرە.

شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی دەستیپێکرد و هەر زوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:  ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێویستیشی زانیوه‌، هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت  و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکۆکییەکیش هەبێت پێویستە بە ڕێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت.