هەڤاڵ ئەبوبەکر: هیواخوازم خوێنی کورد بەدەستی کورد نەڕێژرێت

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و وێڕای سەرەخۆشی لە قوربانیانی شەڕەکەی شەوی ڕابردوو، هیواخوازە یاسا سەروەر بێت و ئاشتیی جێگەی هەر بژاردەیەکی دیکە بگرێتەوە.

پارێزگاری سلێمانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسەو پەژارەو ماتەمینیی خۆمان بۆ هەموو ئەو ئازیزانە؛ دەردەبڕین، کە لە پێکدادان و ڕووداوە نەخوازراوەکانی شەوی ڕابردوو بەرەبەیانی ئەمڕۆدا؛ بوونە قوربانیی.

هەروەها ئاماژەیداوە، داواخوازین خوای گەورە ئارامیی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و جێگایان؛ بەهەشت بێت، ئومێدی چاکبوونەوەی خێرا بۆ هەموو بریندارەکان دەخوازین.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، دکتۆر هەڤاڵ دەڵێت: بەهیوای ئەوەی یاساسەروەریی و لێکتێگەیشتن و ئاشتیی جێی هەر بژاردەیەکی تر بگرێتەوەو، لەهیچ دۆخێکدا؛ خوێنی کورد بەدەستی کورد؛ نەڕێژرێت.