یۆنامی: لە پەرەسەندنەکانی سلێمانی نیگەرانین داوا لە هەموو لایەک دەکەین نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی

یۆنامی لە پەرەسەندەنەکانی دوێنێ شەوی سلێمانی نیگەرانە و داوا لە هەموو لایەک دەکات دان بە خۆیان دابگرن و نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی.

هەینی 22ـی ئابی 2025، یۆنامی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی سلێمانی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، نێردراوی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ( یۆنامی) لە دواین پەرەسەندنەکانی سلێمانی نیگەرانە و سەرەخۆشیش لە قوربانیانی ڕووداوەکە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یۆنامیدا هاتووە، داوا لە هەموو لایەک دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەر کردەوەیەکی هەڕەشەیی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بە دوور بگرن و ڕێز لە یاساکانی مافی مرۆڤ بگرن و پابەندی یاسا و دەستوور بن.

شەوی ڕابردوو دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، هێزێکی گەورەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە چەکی سووک و مامناوەند و قورسەوە چوونە سەر هوتێل لالەزار، کە بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگییە لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، دوای خۆ بەدەستەوە نەدانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزەکەی سەر بەلاهور جەنگی ڕوویدا.دوای نزیکەی چوار کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادانەکان، دوای کوژرانی سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی و برینداربوونی 19 کەسی دیکە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد و ئاراسی برای لەگەڵ فەرماندەی هێزەکەیان دەستگیرکران.دوای هێور بوونەوەی دۆخەکە، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و خەجتی کردەوە، کە بە هەموو شێوەیەک شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەکاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێکاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەکات.

هەروەها ئاماژەیداوە، جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو ئەرکی هێزی پۆلیسە، نەک هێزی دژە تیرۆرو هێزی دیکە کە چەکی قورس بهێنن. هاوکات جەختیشی کردووەتەوە، بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتووخانە و نەوەک شوێنی دیکە و بارەگای حزبی.