پرۆسەی ئاشتی بازرگانیی نێوان دیاربەکر و هەرێمی کوردستانی بووژاندووەتەوە

بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، قەبارەی هەناردەکردن لە دیاربەکرەوە بە بەهای 164 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا، قەبارەی هەناردەکراو 137 ملیۆن دۆلار بووە. بازرگانانی باکووری کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم زیادبوونە بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە بووە و سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد بە گرنگ دەزانن.

شەهموس ناکاش، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازی و کاری دیاربەکر بە کوردستان24ـی گوت: لە 50% کەلوپەلی هەناردەکراو لە دیاربەکر بۆ هەرێمی کوردستانە، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەربکەوێت، ئەم ڕێژەیە زیاتریش دەبێت. بەپێی ئەو داتایانەی بەدەستمان گەیشتووە، ڕێژەی هەناردەی تورکیا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە 3% زیادی کردووە، بەڵام ڕێژەی هەناردەی دیاربەکر 26% زیادی کردووە. ئەمە پێشهاتێکی گرنگە.

ئاماژەشی دا، بۆ ئەوەی پشتگیری پرۆسەکە بکەین، وەک کۆمەڵەی پیشەسازی و کاری دیاربەکر نامەیەک ئاراستەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا دەکەن.

نورگۆر محەمەدینئۆغلۆ، بازرگان لەو بارەوە دەڵێت: کاتێک پرسێکی ئابووری و سیاسی چارە دەکرێت، هەموو سێکتەرەکانی دیکە دەبووژێنێتەوە، بۆیە دەبێتە هەموو بازرگانان بە بچووک و گەورەوە تەنانەت ئەوانەی پەیوەندییان بە سیاسەت و پرۆسەی ئاشتییەوە نییە، دەبێت پشتگیری ئەو پرۆسەیە بکەن، بۆ ئەوەی داهاتوومان باشتر بێت.

قەبارەی هەناردەی دیاربەکر لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا، بەراورد بە حەوت مانگی یەکەمی 2023، لە 22% کەمی کردبوو. بەڵام ئێستا لە 2025دا بەراورد بە حەوت مانگی یەکەمی 2024، 31 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە. بازرگانان دەڵێن ئەگەر پرسی کورد بە شێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر بکرێت، قەبارەی هەناردەی دیاربەکر دەتوانێت ساڵانە بگاتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار.