پێشانگای نێودەوڵەتیی زاخۆ؛ هەنگاوێکی نوێ بەرەو بووژانەوەی بازرگانیی ناوچەکە
بۆ یەکەمجار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت؛ سەرۆکی ژووری بازرگانیی زاخۆ دەڵێت: پێشانگاکە کەرتی ئابووریی لە ناوچەکەمان دەبووژێنێتەوە.
لەتیف عوسمان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی زاخۆ، بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ یەکەمجار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە 21ی ئەیلوولی داهاتوو، پێشانگایەکی گەورەی نێودەوڵەتی بە بەشداریی زیاتر لە 70 کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی دەکرێتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی زاخۆ باسی لەوەش کرد، کردنەوەی پێشانگاکە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لە هۆڵێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت کە لەسەر ڕووبەری 5 هەزار مەتری چوارگۆشە دروست کراوە.
لەتیف عوسمان گوتی "پێشانگاکە کۆمپانیاکانی بواری خۆراک، ئۆتۆمبێل، گەشتوگوزار و چەندان بواری دیکە لەخۆ دەگرێت. زیاتر لە سەدا 80ی شوێنەکانی پێشانگاکە گیراون و چاوەڕوان دەکرێت کە کردنەوەی ئەم پێشانگایە ببێتە هۆی بووژانەوەی بازرگانی لە ناوچەکەدا."
ئەم پێشانگایە لەکاتێکدایە کە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بازرگانی چڕ کردووەتەوە. پڕۆژەی هۆڵی پێشانگاکە و کۆنفرانسەکان، کە بە بەهای زیاتر لە 9 ملیۆن دۆلار لە ناو بینای زانکۆی زاخۆ دروست کراوە، بەشێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەت بۆ ناوچەکە.
جگە لە هۆڵی پێشانگا، پڕۆژەکە پارکێکی وەستانی ئۆتۆمبێلیش لەخۆدەگرێت کە لەسەر ڕووبەری 8 هەزار مەتر دروست کراوە، هەروەها ڕێگایەکی تایبەت بە درێژایی 300 مەتر بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆ بۆ پێشانگاکە ساز کراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە ناو زانکۆدا دروست نەبێت.
بڕیارە لە داهاتوودا پێشانگای تایبەتمەند لە بوارەکانی گەشتوگوزار، پزیشکی، کتێب و ئۆتۆمبێل بە شێوەی جیاواز ئەنجام بدرێن، کە دەرفەتی زیاتر بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران دەرەخسێنێت.