دوای ڕووداوەکانی سلێمانی؛ 'بەرەی گەل' هەڵدەوەشێتەوە؟

دوای ڕووداوەکانی سلێمانی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەر پارتێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکرێت و دادگەش تۆمەتەکانی بسەلمێنێت، ئەوا هەڵدەوەشێتەوە.
ڕۆژی شەممە، 23ی ئابی 2025، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەپێی یاسا، ئەگەر هەر لایەنێک بە بەڵگەوە سکاڵا دژی هەر پارتێک پێشکەش بکات و تۆمەتەکانی پەیوەست بن بە "گێرەشێوێنی سیاسی، تێکدانی ئاسایشی وڵات، یان تێوەگلان لە کوشتن"، ئەوا دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دادگەوە، کۆمسیۆن ئەو پارتە هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەو ئەندامەی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن ئاماژەی بە مادەی 36ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 2015 کرد و گوتی: "ئەگەر حزبەکە کورسی پەرلەمانیشی بەدەستهێنابێت، ئەوا پەرلەمانتارەکانی دەبنە ئەندامی سەربەخۆ."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 22ی ئابی 2025، دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕ و پێکدادانی قورس لە ناوچەی لالەزاری شاری سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، و پۆڵادی برای لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە دەستگیر کران.
بەپێی زانیارییەکان، دەستگیرکردنەکە بەپێی ماددەکانی 406 و 56ی یاسای سزادانی عێراقی بووە.