نێچیرڤان بارزانی و ستیڤن ڤەیگن جەختییان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق پەیوەندییەکانی نێوانیان و پرسی مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ شەممە 23ـی ئابی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، کرد.

باسی لەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش کردەوە، هەروەها هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی ڤەیگن لە برەودان بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵەکانی لە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانی هەولێر و بەغدا کرد.

هاوکات دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوون.