فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: 25 کۆچبەری کورد لە لیبیا ئازاد دەکرێن

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەوڵی فەرمانگەکە، 25 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازاد دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر شەش گەنجیان لەو وڵاتە گەڕاندبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە ئامادەبوونی 25 گەنجی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیدا لەگەڵ سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، باسی لەسەرکەوتنی هەوڵەکانیان کرد بۆ ئازادکردن و ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بۆ هەرێمی کوردستان.

هاوکات سەبارەت بە میکانیزمی گەڕاندنەوەیان سەلیم پاشا، ڕاوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندیییەکانی دەرەوە گوتی: گرفتی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەم گەنجانە نەبوونی پاسپۆرتە. چونکە قاچاخچییەکان هەر زوو پاسپۆرتەکانیان لێدەستێنن تا نەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام ئێمە توانیمان بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتە پاسپۆرتی پەڕینەوەیان بۆ دابین بکەین و لێرەش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکاریەکیان بۆ دەکات. ئەوەی ماوەتەوە دابینکردنی تکتی فڕۆکەیە بۆ ئەو 25 گەنجە. دوای تەواو بوونی ڕێکارەکان چاوەڕوان دەکرێ بەزووترین کات بگەنەوە هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەش کردووە، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، توانرا شەش گەنج لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتوو، لیبیا بووە بە یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆچبەرانی نایاسایی، بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕێگای ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن، بەڵام زۆربەی جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی دۆخی سەخت دەبنەوە.