حكومه‌تی هه‌رێم دۆسیه‌ی ئه‌نفال و كوردانی فه‌یلی ده‌باته نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوته‌ی خۆی له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌ش ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداری له كۆبوونه‌وه تایبه‌ته‌كانی گه‌ڕی 19ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به رێكه‌وتنی پاراستنی سه‌رجه‌م تاكه‌كان له بێسه‌روشوینكردنی مه‌به‌ستداردا ده‌كات، بڕیاریشه شاندی هه‌رێمی كوردستان دۆسیه‌ی "بێسه‌روشوێنبوونی كوردانی فه‌یلی و ئه‌نفالكراوان" له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا بخاته‌ڕوو.
دیندار زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌كانی گه‌ڕی 19ی لیژنه‌ی تایبه‌ت به رێكه‌وتنی پاراستنی سه‌رجه‌م تاكه‌كان له بێسه‌روشوێنكردنی مه‌به‌ستدار، له سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ئه‌مساڵ به به‌شداری شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له جنێڤ به‌ڕێوه‌بچن، به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كۆبوونه‌وه‌كان دواخران و هه‌ردوو رۆژی 5 و 7ی ئه‌م مانگه بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وانه ده‌یاری كران، بۆ تاوتوێكردنی راپۆرتی كۆماری عێراق له باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له به‌غدا.
زێباری له به‌یاننامه‌كه‌یدا گوتی: "به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا له چوارچێوه‌ی لیژنه‌ی نیشتیمانی بۆ نووسینه‌وه‌ی راپۆرته به‌ڵێنده‌رییه‌كانی تایبه‌ت به رێكه‌وتن و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به مافه‌كانی مرۆڤدا هاتووه". ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوته‌ی خۆی له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌ش ده‌كات و راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی پابه‌ندییه‌كانی كوردستان به رێكه‌وتنی پاراستنی سه‌رجه‌م تاكه‌كان له بێسه‌روشوێنكردنی مه‌به‌ستدار له چوارچێوه‌ی راپۆرتی گشتگیری كۆماری عێراقدا پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه حكومه‌تی هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه ناویه‌تی".
زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "شاندی هه‌رێم له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كاندا باس له هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ش ده‌كات، كه به‌درێژایی مێژوو به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون، له‌وانه‌ش كۆمه‌ڵكوژی و تاوانه‌كانی دیكه له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمی به‌عس تا ساڵی 2003 و یه‌كێك له‌و تاوانانه‌ش، بێسه‌روشوینكردنی مه‌به‌ستدار بوو، كه به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌سی عێراقی بوونه قوربانی و زۆربه‌یان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بوون".
دیندار زیباری روونیشیكرده‌وه، "شاندی حكومه‌تی هه‌رێم باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، گه‌لی كوردستان به ته‌واوی پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه قوربانی گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی بێسه‌روشوێنكردنی مه‌به‌ستدار بوونه له مێژووی عێراق، كه خۆی له تاوانه‌كانی ئه‌نفال ده‌بینێته‌وه و به بێسه‌روشوێنكردنی كوردانی فه‌یلی له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1980 – 1990 و ئه‌نفالكردنی 8 هه‌زار بارزانی و 182 هه‌زار له رۆڵه‌كانی گه‌رمیان و بادینان ده‌ستیپێكرد".
هه‌روه‌ك رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه، "گرنگه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه بزانێت كه چی به‌سه‌ر رۆڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه" و گوتیشی: "له كۆبوونه‌وه‌كاندا باس له‌وه ده‌كه‌ین، كه بێسه‌روشوێنكردنی مه‌به‌ستدار ده‌رهه‌ق به گه‌لی كوردستان به له‌ناوچوونی رژێمی به‌عس كۆتایی نه‌هاتووه و تا ئیستاش به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌ت دوای هێرشه تیرۆریستییه‌كانی داعش و رفاندنی هه‌زاران هاووڵاتی".
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌و تاوانانه و ته‌حه‌دیاته‌كان و مامه‌ڵه‌ی یاسایی به‌گوێره‌ی پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ له‌گه‌ڵ داعشه ده‌ستگیركراوه‌كان بێت".
H.B