فوئاد حوسێن: کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ عێراق مەترسیدارە

عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانە لەدەست دەدات

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، هۆشداری لە مەترسییەکانی کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەدات.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکی کۆماری عێراقی راگەیاندووە، واشنتن نیگەرانە لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی بەغدا.

گوتیشی: هێرشەکان هۆکارێکن، کە ئیدارەی ئەمریکا بیر لە کشانەوەی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا دەبێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی مەترسییەکانی کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە گفتوگۆداین، هەروەها ئەو هەنگاوەی ئەمه‌ریکا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانە لەدەستبدات.

Fly Erbil Advertisment