شاکیرۆ دەگەڕێتەوە زێدی خۆی

گۆڕی دەنگبێژ شاکیرۆ
گۆڕی دەنگبێژ شاکیرۆ

سڕی ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دادپەروەری گەلان(دەمپارتی) لە پارێزگای ئاگری ڕایگەیاند: لە هەوڵدایە گۆڕی دەنگبێژی کورد شاکیرۆ بگوازێتەوە بۆ ئاگری زێدی خۆی، وەک ڕێز و وەفایەک بۆ ئەم هونەرمەندە گەورەی کورد.

سری ساکیک گوتی: لەگەڵ بنەماڵەی شاکیرۆ کۆبوونەتەوە و بڕیاری گواستنەوەی گۆڕەکەی لە ئیزمیرەوە بۆ زێدی خۆی دراوە.

ئەو پەرلەمانتارە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، شاکیرۆ ماڵئاوایی کردووە و لەنێو ئێمە دا نییە، بەڵام بەهاکەی بە تێپەڕبوونی کات زیاتر دەرکەوتووە، شارەوانی ئاگری سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی گۆڕەپان و پەیکەرە بۆ ئەوەی ناوی شاکیرۆ هەڵبگرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، دەمانەوێت گۆڕی شاکیرۆ بگوازینەوە بۆ ئاگری، بۆ خاکی باوباپیرانمان. بەم شێوەیە ڕەنگە ڕۆحی ئەو دەنگبێژە ئاسوودە بێت، چونکە ئەو تەنیا دەنگبێژێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو کەڵتوور و فەرەهەنگێکە لە ئەدەبیاتی کوردیدا.

شاکیرۆی دەنگبێژ کێیە؟

شاکیرۆ یەکێکە لە دەنگبێژە ناسراوەکانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، خاوەنی دەنگێکی تایبەتە، بە شای دەنگبێژان دەناسرێت، لە ساڵی 1936 لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە ساڵی 1959 لەگەڵ خانەوادەکەی دوورخراونەتەوە بۆ شاری ئەدەنە، دووجار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە و لە ماوەی تەمەنیدا نزیکەی 70 کاسێتی تۆمارکردووە، شاکیرۆ وەک خولیایەک و ڕواندنەوەی ئەو ئێش  و ئازارە لەناخی دابووە دەستی بە دەنگبێژی کردووە، زۆربەی ئەو لاوکانەی گووتوویەتی ڕەنگدانەوەی ئەو ڕووداوانە بووە کە خۆی بینیویەتی یان بەسەری هاتووە، هەروەها دەیان لاوکی بەسەر خۆشەویستی دا گوتووە.

شاکیرۆ هەوڵیداوە زۆرترین گوند و ناوچە کوردییەکان بەسەرکاتەوە، بۆ ئەوەی چیرۆک و داستانەکان بکاتە لاوک، باوکی دەنگبێژێکی بەناوبانگ بووە، بەڵام هونەری دەنگبێژی لەلای باوکی فێرنەبووە.

ئەو دەنگبێژە لە ساڵی 1996 لە شاری ئیزمیر کۆچی دوایکرد و هەرلەوێش بەخاک سپێدرا.

نموونەی چەند بەرهەمێکی شاکیرۆ:

گولێ دێران

کەکێ غیاسەدین

خەزال دینێ

لێ لێ دلبەر

سوارۆ

سێودین ئاغا

دایێ رەبەنێ

عەلیکۆ لاوۆ

کەوێ گۆزەل

 
 
 
Fly Erbil Advertisment