تره‌مپ: تا سه‌ری ساڵ ئه‌فغانستان به‌جێده‌هێڵین
ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له‌و شه‌ڕانه‌ی كۆتاییان نییه

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، رایگه‌یاند، سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا كۆتایی ئه‌مساڵ دوا سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له ئه‌فغانستان بگه‌ڕێنێته‌وه و كۆتایی به‌و شه‌ڕه بهێنێت، كه سوپای وڵاته‌كه‌ی 19 ساڵه له ئه‌فغانستان له دژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌رپای كردووه.
له‌و باره‌یه‌وه، دۆناڵد تره‌مپ، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "پێویسته تا سه‌ری ساڵ، ئه‌و ژماره‌یه‌ی له سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌مان، كه له ئه‌فغانستان ماونه‌ته‌وه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا".
پرسی "ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له‌و شه‌ڕانه‌ی كۆتاییان نییه" به‌شێكه له‌و ستراتیژه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گرتوویه‌تییه به‌ر وه‌ك به‌شێك له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌كاری ده‌هێنێت.
ئیداره‌ی تره‌مپ، له (29ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020)، رێككه‌وتنێكی مێژوویی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئیسلامی ئه‌فغانستان واژووكرد و به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا تا ناوه‌ڕاستی (2021) به ته‌واوی خاكی ئه‌فغانستان به‌جێبهێڵێت.
له مانگی ئه‌یلوولی رابردووه‌وه، دانووستانی نێوان بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و حكومه‌تی كابوڵ ده‌ستیپێكردووه به مه‌به‌ستی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و رێككه‌وتن له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و كۆتاییهێنان به شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و وڵاته.