یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە دوا قۆناغدایە

پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە و ئێستا لە کۆی 11 فیرقە، حەوت فیرقەیان دەستبەکاربوون. بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا چوار فیرقەی دیکە کارەکانیان تەواوبن و بچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. ئەم پرۆسەیە خواستی سەرکردایەتی سیاسی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ھاوپەیمانانیش پاڵپشتی دەکەن.
لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتیمانی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە دوا ھەنگاوەکانیدایە و ھەردوو یەکەی 70 و 80 ھاوکاریی باشی وەزارەت دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی فیرقەکان، ھێزی پێشمەرگە بەسەر دەڤەری یەک و دوودا دابەش دەکرێن. ھاوپەیمانانیش دوای تەواوبوونی ھەر فیرقەیەک بە چەند ڕێگەیەک ھاوکارییان دەکەن، لەوانەش ڕاھێنانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ، ڕاھێنانی زانیاری و ڕاھێنانی ئەفسەرەکان لەگەڵ شێوازی نوێی ئەرکەکانیان لەناو فیرقەکاندا.
لە ساڵی 2023دا شێوازی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە گۆڕاوە، بە جۆرێک چەند لیوایەک لە یەک فیرقەدا کۆدەکرێنەوە. ئەمەش ئەرکی سەرکردایەتی و ڕێکخستنیان ئاسان دەکات. لە ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی حەوت فیرقەیە و فەرمانی دەستبەکاربوونی چوار فیرقەی دیکەش دەرچووە. ساڵی داھاتوو وادەی کۆتاییە بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە.
وەفا محەممەد، شارەزای بواری سەربازی، ڕایگەیاندوو، ھاوکارییەکانی پێشمەرگە بەردەوامە و پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیری ھەرێمی کوردستاندا ھەیە. دەشڵێت: دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ ناوچەکە، ھەرێمی کوردستان و ھاوڵاتییان باشە، چونکە ھەمووان ھەست بە ئارامی و سەقامگیری زیاتر دەکەن.